عه‌باس غه‌زالی:

هەژار، هێمن و هێدی؛ سێ هەواری ئەدەبیی کوردستان

مه‌نسوور جیهانی ـ "عه‌باس غه‌زالی" که‌سایه‌تی چالاکی فه‌رهه‌نگی هه‌رێمی کوردستان، سه‌باره‌ت به که‌سایه‌تی پایه‌به‌رزی مامۆستایانی کورد "هەژار"، "هێمن" و "هێدی"، جه‌ختی کرده‌وه: هەژار و هێمن و هێدی، سێ لەو سەنگەرانە بوون کە هەموو ژیان و خۆشییەکانی خۆیان لە پێناو نەتەوەکەیان کردە قوربانی بۆ ئەوەی گرینگترین بەشی نەتەوەبوون کە زمانە بپارێزرێت و بگاتە لووتکە و شایستەی ئەوە بێت بە جیهانی بکرێت.

موکریان ئانلاین ‌| نیشانەی ئەوەیە کە ئەوان بە چاوێکی نەژادپەرەستانە سەیری ئەدەبیاتی گەلانی دیکە ناکەن و لە ڕێی ئەدەبیات فەرهەنگی پێکەوەژیان لای کورد بەرجەستە دەکەنەوە و پێیان وایە ئەدەبیات سنووری توندڕەوی تێدەپەڕێنی و تەنها جوانی و مرۆڤایەتی دەبینێ. ئەم سێ مێرگ و گوڵزارە پڕ لە گوڵەی کوردستان لەو پەڕی سەختیدا توانیویانە خزمەتێکی مەزن بە هەر چوار پارچەی کوردستان بکەن. ئەوان جگە لە ئەدەبیات، بەوپەڕیی دڵسۆزییەوە لە چالاکیی سیاسیشدا چاونەترسانە کاریان کردووە.

هەر لە ژێ کاف تا دەگاتە کۆمار و شۆڕشی ئەیلوول جێی پەنجەیان دیارە. ئەم سێ هەڵۆیانە لە ڕووی مافی مرۆڤ کەلتووری کوردیان بە تایبەتی لە ڕێزلێنان لە مافی ژن لە زاگرۆس تێپەڕاند و گەیاندیانە هەموو جیهان. ئەوان ئەدەبیاتی منداڵانیان بە گرینگییەوە بینیوە.

هەروەها هۆنراوەکانیان شایستەی ئەوەن بکرێن بە سروودی نیشتیمانی. لە ناو ئەدەبیاتی ئەم سێ بەرزە شاعیرەی کورددا مرۆڤایەتی و پێکەوەژیان و ژینگەدۆستی بە بەهایەکی بەرز دانراوە.

ئەوان بوونە قوتابخانەیەک و ئەمڕۆ دەیان لاوی زانکۆ بە ڕێچکەی ئەواندا دەڕۆن و گەیشتوونەتە ئاستێکی زۆر بەرز کە جێی ئومێد و شانازییە.

ئەوەی لێرەدا بۆ ڕۆشنبیرانی کورد وەک وانەیەکە ئەوەیە کە ئەم ئەستێرە بەرزانەی ئاسمانی ئەدەبیاتی کوردی هەر یەکەی خۆی بە قوتابی ئەویتر دادەنێت و بۆ خۆشەویستیی یەکتر شیعریان گوتووە و پەسنی کاری یەکتریان داوە کە ئەمەش بە وانەی ئەخلاقی ڕووناکبیری دادەنرێت و پێویستە ئەم کەلتوورە لەگەڵ ڕەخنەی بەجێی و زانستی برەو بدرێت.ئەوەی لێرەدا گرینگە و بە ئەرکی دامەزراوەکانی حکوومەت دادەنرێت ئەوەیە کە کۆمەڵگەی زانستی کار و بەرهەمی ئەو سێ بەرزە شاعیرە هەڵسەنگێنێت و کاری توێژینەوەییان لەسەر بکات، بەبێ ئەوەی نیگای سیاسی و ژیانی تایبەتی ئەوان بکاتە پێو

پێویستە لە بواری پەروەردەییدا هێشتاش گرینگییەکی زیاتر بە بەرهەمی ئەم سێ هەڵۆ بەرزەی ئاسمانی ئەدەبیاتی کوردی بدرێت.

پێویستە بە هونەر ئەم سێ ئەدیبە بەرزە نەک هەر بە نەوەی ئێستا بناسرێن بەڵکوو پێویستە زیاتر بە جیهانیش بناسرێن.

پێویستە مەیدانی زیاتر بە شوێنکەوتووانی ئەوان بدرێت و هاوکارییەکی تەواویان بکرێت بۆ ئەوەی زمان و ئەدەبیاتی کوردی دەوڵەمەندتر بکەن. هیوادارین ساڵانە خەڵاتی ئەدەبیی بە ناوی ئەم ئەدیبانە بدرێتە کەسانی شایستە لە ناو کورد و تەنانەت نەتەوەکانی دیکەش.

هیوادارین لە سەر ناوی ئەم ئەدیبە مەزنانە، ساڵانە کورسی خوێندن بە هەموو خزمەتگوزارییەکەوە لە بەشی زمان و ئەدەبیاتی کوردی بۆ کوردی پارچەکانی دیکە و تەنانەت بۆ قوتابیانی غەیرەکوردیش لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان تەرخان بکرێت.

هیوادارین حکوومەتی کوردستان بە هاوکاریی زانایان کورد لە هەموو ڕوویەکەوە گرینگی بە زمان، وەک سەرەکیترین ڕیشەی پاراستنی نەتەوەی کورد، بە کەلک وەرگرتن لە دیدگەی ئەم سێ ئەدیبە مەزنە بدەن.»